Daroon- دەروون- رۆڵی ژن لە دراما کوردییەکان دا
Rudaw Stream Rudaw Stream
77.4K subscribers
69,917 views
905

 Published On Premiered Sep 7, 2024

بەرنامەی دەروون ئەم هەفتە لەبارەی رۆڵی ژنان لە دراماکان و میدیای کوردیدا بوو. باس لەوە کرا کە بۆچی ژنانی کورد لە دراما و میدیاکاندا بە شێوەیەکی جوان پیشان نەدراون و زۆرتر وەکوو ژنانی بێزارکەر و دەردەکەون. هەر بەو هۆیەوە دوو ئەکتەری بەناوبانگ و شارەزا لە بواری سینەما، پەروین شازادە و پێشڕەو حوسێن، هەروەها چالاکڤانێکی مافی ژنان، بەهرە حەمەڕەش، میوانی بەرنامەکە بوون.
دەروون بەم پرسیارە لە پێشڕەو حوسێن بەرنامەکەی دەستپێکرد: "ئایا ژنی کورد ئەمەیە کە لە دراماکاندا پێشاندەدرێت؟" پێشڕەو حوسێن لە وڵامدا گوتی: "ئەم جۆرە کەسایەتییانە لەنێو کۆمەڵگەدا هەن، بەڵام جاری وایە زیادەڕەوی دەکرێت و دەرهێنەر یان نووسەر بە ئاگایانە و جاری وایە بێئاگایانە لە رۆڵی ژن کەمدەکەنەوە".
پێشڕەو حوسێن هەروەها رەخنەی ئاراستەی ژنان کرد و گوتی: "ئەکتەرە ژنەکانمان لە رووی رۆشنبیرییەوە لە ئاستێکدا نین کە خوێندنەوەی قووڵیان بۆ رۆڵەکانیان ببێت و تێبگەن کە ئەو رۆڵەی ئەوان قەبووڵی دەکەن لە پێگەی ژنبوونیان دەدات".
پێشڕەو حوسێن ئاماژەی بە رۆڵی دەوڵەت لەم بوارەدا کرد و گوتیشی: "دەوڵەت هیچ ستراتیژێکی کولتووریی نییە و نەیتوانیوە لە رێگەی فیلم و دراماکانیەوە کورد لە دونیادا وا پێشانبدات کە تەنیا جەنگاوەر نییە و بەڵکو ژن لە کولتووری ئێمەدا تاجی سەرمان بووە".
پەروین شازادە وەکوو ئەکتەرێکی شانۆ و سینەما کە کەسێکە ئەم جۆرە رۆڵانەی بینیوە، داکۆکیی لە رۆڵەکانی و ئەکتەرە ژنەکان کرد و گوتی: "من بە شانازییەوە هەموو رۆڵەکانم بینیوە و ئەم جۆرە ژنانەیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەن و ژنە ئەکتەرەکانمان بە سەربەرزییەوە کاردەکەن".
ئەو خانمە ئەکتەرە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم رۆڵانە لەلایەن دەرهێنەرەوە دیاریدەکرێن و منیش ئەو رۆڵانە دەبینم کە لێم دەوەشێنەوە و هەندێک رۆڵیش هەن ئەگەر بزانم شتێکی ناڕێکی تێدایە "بە میلیارێک دۆلاریش نایکەم".
بەهرە حەمەڕەش، چالاکڤانی مافی ژنان لە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە باسی لە بابەتەکە کرد و گوتی: "زۆربەی کات کارەکتەرە شەڕەنگێزەکان بە ژن دەدرێن و ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەمە نییە کە پێشاندەدرێت. بۆچی دەبێت ژنە ئەکتەرەکانمان قەبووڵی بکەن ئەم رۆڵانە بگێڕن؟"
هەروەها گوتیشی: "دەبێت نواندن رەنگدانەوەی راستییەکان بێت و لە زۆربەی دراماکاندا کاراکتەری سەرەکی و پاڵەوانەکان پیاون و ئەمە بەهۆی ئەوەیە کە لە بنەمادا عەقڵییەتێکی پیاوسالارانە پرۆسەکە بەڕێوەدەبات".
بەهرە حەمەڕەش ئاماژەی بە ساڵەکانی بیست بۆ حەفتاکان کرد و باسی لەوە کرد کە پیرەمێردی شاعیر لە سەردەمی خۆیدا هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە و بە شیعر و دەقی شانۆیی باسی لە یەکسانیی ژن و پیاو کردووە.

show more

Share/Embed